Research studies

تیشکۆی زمان و پشکۆی ڕامان لێکۆڵینەوەی کۆمەڵە شیعرێکی ‌ِئەڤینداریی حەمەسەعید ‌حەسەن لە روانگەی ئۆشۆیزمەوە

Le rayon du langage et le rayon de la pensée Recherche d'un recueil de poèmes d'amour de Hama Saeed Hassan Du point de vue de l’oshoïsme

 

Prepared by the researcher 

مەهاباد قەرەداغی [1]

Democratic Arabic Center

International Journal of Kurdish Studies : Third issue – October 2023

A Periodical International Journal published by the “Democratic Arab Center” Germany – Berlin

Nationales ISSN-Zentrum für Deutschland
ISSN  2751-3858
International Journal of Kurdish Studies

:To download the pdf version of the research papers, please visit the following link

https://democraticac.de/wp-content/uploads/2023/10/%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%AC%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%88%D9%84%D9%8A%D8%A9-%D9%84%D9%84%D8%AF%D8%B1%D8%A7%D8%B3%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D9%83%D8%B1%D8%AF%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%AF%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%AB%D8%A7%D9%84%D8%AB-%D8%AA%D8%B4%D8%B1%D9%8A%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%88%D9%84-%E2%80%93-%D8%A3%D9%83%D8%AA%D9%88%D8%A8%D8%B1-2023.pdf

Abstract

Cette étude se concentre sur les poèmes d’amour de Hama Saeed Hassan dans le livre “Evinnama”, car le sujet principal de ces poèmes, qui est “Evin” En plus d’avoir un « langage » différent, il a également produit une « pensée » unique sur l’amour et a captivé notre attention.

Expliquer et introduire la différence entre son « type d’amour et de langage » et son « unicité de pensée »,

En plus de la méthode de critique littéraire et des critères linguistiques et esthétiques, nous utilisons également la perspective de l’oshoïsme pour voir l’amour dans ces poèmes.

Dans cette étude, nous adopterons le point de vue d’Osho sur l’amour, ce que nous pensons et dont nous avons besoin, et évaluerons les poèmes à la lumière de ce point de vue et de cet amour.

Chaque fois que nous avons besoin de son point de vue sur d’autres phénomènes, nous nous tournons vers lui. Le choix de la vision d’Osho sur l’amour dans ces poèmes est dû au fait qu’Osho considérait l’amour très différemment de tout autre penseur, sociologue ou psychologue.

L’essentiel est que, pour Osho, « l’amour doit être le noyau le plus psychologique de la respiration,

دەروازە

ئەڤین بابەتێکە نزیکەی هەموو شاعیرێکی سەرقاڵی خۆی کردووە و بەشێکی بەرفراوان لە داهێنانە شیعرییەکانیانی پەیوەست بە خۆیەوە کردووە. هەڵبژاردنی هەندێ شیعر لەنێو خەرمانێک بەرهەمی تری شیعریی ئەڤینداریی بڵاوبووەوە بۆ تیشکاوێژکردن و لێکۆڵینەوە لەسەری، بە بڕوای من دەبێ موتیڤێکی بەهێزی لە پشتەوە بێت و جیاوازییەک یان زیاتر لەواندا سەرنج ڕابکيشێت بۆ ئەو نووسین و کۆڵینکارییە.

تیشکۆی سەرنج لەم لێکۆڵینەوەیەدا بۆ سەر شیعرە ئەڤیندارییەکانی حەمەسەعید ‌حەسەن تەرخانە لە کتێبی “ئەڤیننامە”دا، چونکە بابەتی سەرەکی لەو شیعرانەدا کە “ئەڤین”ە، جگە لەوەی خاوەنی “زمان”ێکی جیاوازە، “ڕامان”ێکی ناوازەیشی لەبارەی خۆشەویستییەوە بەرهەم هێناوە و سەرنجمانی گیرۆدە کردووە. بۆ ئەوەی جیاوازیی “جۆری ئەڤین و زمانە”کەی و “ناوازەیی بیر و ڕامان”ەکەی ڕوون بکەینەوە و بیانناسێنین، جگە لە میتۆدی ڕەخنەی ئەدەبی و پێوەرەکانی زمانناسی و جوانناسی، سوود لە ڕوانگەی ئۆشۆیزمیش وەردەگرین بۆ ئەڤینبینی لەم شیعرانەدا.

هەڵبژاردنی دیدگای ئۆشۆ یان ئۆشۆیزم بۆ ئەڤینناسی لەم شیعرانەدا، هۆی ئەوەیە ئۆشۆ زۆر جیاوازتر لە هەر بیرمەند و کۆمەڵناس و دەروونناسيکی تر لە ئەڤینی ڕوانیوە و خۆشەویستی لەلای ئەو، هەستەکان تێدەپەڕينێ و لە قوڵاییەکانی نەست نەک پانتاییەکی فراوانی بەرکەوتووە، بەڵکو تەواوی “بوون” بە هەست و نەستەکانیشەوە، ڕۆ‌ح و دەروون و جەستەش، لە ئەڤیندا چڕ بوونەتەوە. ئۆشۆ پێناسەی ناباوی هەیە بۆ ژن، بۆ پیاو، بۆ خۆشەویستی و بۆ گیان و مردن و ژیانیش، بۆیە بە ڕۆشناییی چرای ڕوانینەکانی ئەو شیعرەکان دەبینین و لێکیان دەدەینەوە.

شیعریش خۆی کردەیەکی ئاڵۆز و چڕی دەروونی دەیخوڵقێنێ و سەرچاوەکەی لە نەستەوەیە، کە شیعر بابەتی ئەڤین دەوروژينێ، لەو ژيرخانە سەیر و سەمەرەیەدا شتگەلێک دەگوزەرێن و دەپەڕنەوە بۆ سەرخانی بیر، شاعیر بە زمان فریایان دەکەوێت و دەریاندەبڕيت. گەلۆ هەموو دەربڕینێک دەتوانێ جیاواز و ڕامانوروژين بێت؟ شاعیر چ کەرەستەیەک بەکار دەبات بۆ جیاهەڵکەوتوویی بابەتی ئەڤینەکەی و ناسینەوەی لە نێوان هەزاران شیعری ئەڤینداریی تر؟ بۆ ئەم مەبەستە چەمکەکانی “زمان”، “ڕامان”، “ئەڤین” و ڕوانگەی ئۆشۆیزم، پێویستییان بە تیشک خستنەسەرە و لەدوای پێناسەکردن و ڕوونکردنەوەیان دەچینە نێو چیرۆکی هەر یەک لە شیعرەکان و ڕاڤەیان دەکەین.

ئۆشۆ و ئۆشۆیزم

باگوان شری راجنیش، ناسراو بە ئۆشۆ (١٩٣١-١٩٩٠) فەیلەسووف و عارفێکی هیندییە و خاوەنی دنیابینییەکی تایبەت و رۆ‌حگەرایەکی جیاواز و دەگمەنە. ئۆشۆ لە ساڵی ١٩٦٠ بەدواوە، لە زۆربەی وڵاتانی دنیاوە بانگ دەکرا بۆ ناساندنی فەلسەفە و دنیابینییەکەی و شوێنکەوتووانی باوەڕ و فەلسەفەکەی لە دنیادا زۆرن. لە شێوەی سەدان بەرگی کتێبیشدا بیروڕاکانی بڵاوکرانەوە و بۆ سەر زمانە زیندووەکانی دنیا وەرگيڕدران.

هەر دیاردەیەک جێگەی بایەخی مرۆڤ بێت و سەرسامکەر بێت ئۆشۆ لێی ڕاماوە و بە قووڵیی و جیاواز لە هزرڤانەکانی دیکە، لەسەری دواوە. بوون و نەبوون، ژیان، عیشق، بیرکردنەوە، هۆشیاری، مردن، دەنگ، بێدەنگیی، رەنج، ئازادی، پاکیی، خوود، خودا، گەشت، میدیتەیشن و زۆربەی دیاردەکانی تر لە ڕوانگەی ئەوەوە تاوتوێ کراون و دەرئەنجامی بیرکردنەوەکانی مرۆڤبینییەکی نوێی خوڵقاندووە. بیروباوەڕەکانی ئۆشۆ شوێنکەوتووی زۆرە لە جیهاندا و دیدگاکەی بە ئۆشۆیزم ناودەبرێت.

عیشق هونەری ژیانە

لەم لێکۆڵینەوەیەدا زیاتر ڕوانگەی ئۆشۆ بۆ عیشق وەردەگرین کە مەبەستمانە و بە ئێمە پێویستە، لە بۆتەی ئەو بۆچوون و ئەڤینبینییەدا شیعرەکان هەڵدەسەنگينین. لەهەرکوێیەکیش پێویستمان بە دیدگای ئەو بێت سەبارەت بە دیاردەکانی تر، پەنای بۆ دەبەین.

کرۆکی پرسەکە ئەوەیە، بەلای ئۆشۆوە “عیشق دەبێ دەروونیترین ناوکی هەناسەدان بێت، دەبێ وەک هەناسەدان سروشتی بێت.” وەک چۆن هەناسەدان و ترپەی دڵ خۆبەخۆ ڕوو دەدەن و بیریان لێ ناکەیتەوە بۆ ئەنجامدانیان، خۆشەویستیش پێویستە لە دۆخێکی وادا بێت. “پرس ئەمە نییە کە عاشقی کێ بیت یان عەشقەکەت بە کێ ببەخشیت، پرس ئەمەیە کە تۆ بیست و چوار کاتژمێری شەو و رۆژ عاشق بیت، رێک بەو شێوەیەی هەناسە دەدەیت.”

عاشقبوون و داهێنان لای ئۆشۆ پەیوەستی یەکترین، “‘تەنها کەسێک کە لە قووڵاییی بوونیدا عیشقی هەبووە دەتوانێ ئافرێنەر بێت.” لە دیدگا رۆحانییەکەی ئۆشۆوە عیشق کە سیفەتی ئافەرێنەر بەخشە، تاقە ڕێگەشە بۆ هاوبەشیکردنی خوداوەند. واتە تەنها لە کاتی عاشقبوونی سروشتیدا، ئەوەی کە وەک هەناسەدان عیشق پیادە بکات، مرۆڤ دەتوانێ هاوبەش و هاوەڵی خوداوەند بێت.

ئۆشۆ باوەڕی وایە کە مرۆڤ هەمووی پێی وایە کە دەزانێ عیشق چییە، بۆیە هەوڵ بۆ ناسینی نادات، بەڵام لە ڕاستیدا مرۆڤ بە هەڵەدا چووە و نازانێ عیشق چییە. “دەبێ هەر لە سەرەتاوە بە هەمووان بگوترێت کە عیشق مەزنترین هونەری ژیانە، چونکە عیشق مەزنترین سیحر و موعجیزەی ژیانە. تۆ نابێت خەمسارد بەلای عیشقدا تێپەڕیت، دەبێ عیشق شەن و کەو بکەیت و بە قووڵی پێیدا ڕۆ بچیت. دەبێ هونەری عیشقبەخشین فێر بیت، عیشق هونەرە. عیشق نەک توانایەکی تایبەت، بەڵکو وزەیەکی شاراوەیە.”

ئەو عیشقەی کە ئۆشۆ پێی وایە مرۆڤ هێشتا نایزانێ بەڵام پێی وایە دەیزانێ، بۆیە هەوڵ بۆ ناسینی نادات، بابەتی سەرەکی داهێنانە مەزنەکانی دنیای ئەدەب و هونەرە. ئاخۆ شاعیران کە عیشق سەرچاوەی ئیلهامی زۆرینەی داهينانەکانیانە، ناسیویانە یان داهێنانەکانیان هەوڵێک بووە بۆ ناسینی عیشق؟ ئەڤین جۆری زۆرە، فەیلەسوفەکان لەم دیاردە سەرسامکەرە ڕاماون و هەر یەکە و هەوڵی خۆی داوە بۆ پێناسەکردن و پۆلێنکردنی جۆرەکانی. میتۆلۆژیای شارستانییە کۆنەکانی مرۆڤ هێزی عەشقیان سیمبولیزە کردووە و ناوی جۆراوجۆری سەرنجڕاکێشیان لێ ناوە و ئەو سیمبولانە لە شاکارە هونەری و ئەدەبییەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا ڕەنگیان داوەتەوە و بەردەوامیشن.

ئیرۆس خواوەندی عیشق و سۆز و ئارەزووی سێکسییە لە میتولۆژیای گریکی کۆندا، لە میتولۆژیای ڕۆماندا هەڵگری هەمان ئەو سیفەتانەیە و ناوی”ئامور”ە. ئیرۆس لە لای ئەفڵاتوون بریتییە لە هێزێکی مەزن کە مرۆڤ بەرەو چاکە و حیکمەت ڕادەکێشێت. پێی وایە ئیرۆس شتێکە لە نێوان زانین و نەزانیندا، چونکە ئەو مرۆڤەی هەست نەکات کە نوقسانە، مەحاڵە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی دانایی و زانین بدات. ئەوەی پێی دەگوترێت ئەڤینی ئەفلاتوونی، بریتییە لە خۆشەیستییەک کە لە سەرووی بەرژەوەندییەکانەوەیە، هەر ئەو جۆرەشە کە مرۆڤ بەرەو بەرزبوونەوە و گەشەسەندن دەبات.

ئایا ئەڤین لە کردەی هۆشیاری بەدەرە و مرۆڤ بەبێ هزرمەندی، خۆی هەڵدەداتە نێو ئۆقیانووسی ئەڤینەوە؟ لای ئۆشۆ وەڵامی ئەم پرسیارە نەخێرە، بەبێ هۆشیاری ئەستەمە مرۆڤ عاشق ببێت. وەک چۆن هۆشیاری تاکەکەس پەیوەستە بە هۆشیاری باڵای گەردوونەوە، پێویستە عیشقیش لەو بێسەرەتایەوە دەست پێ بکات و لە بيکۆتاییشدا کۆتایی نەیەت.

ئەڤین یان پەیام

ئەڤیننامە دیوانێکی شیعرییە و وشەیەکی لێکدراوی هەردوو وشەی پڕمانای “ئەڤین” و “نامە”یە. نامە لە سیمبۆلەکانی زماندا و لە ئەدەبیاتیشدا خەسڵەتی “پەیام” هەڵدەگريت و گرنگییەکەی لەوەدایە کراوەتە نێوەندگیرێک لە نێوان مرۆڤ و خودا لە ئاستە ئاسمانییەکەی و مرۆڤ و مرۆڤ لە ئاستە زەمینییەکەی. پێغەمبەرەکان نامەی خوایان پێبووە بۆ نەوە و نەتەوەکانیان. ناونانی دیوانێکی شیعری بەم ناوە بە رێکەوت نییە، لە هۆشیارییەکی رۆحییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئەڤین وەک پەیامێکی خودایی دەبینيت و مەبەستێتی بگاتە کەسێک یان کەسانێک. بۆ ئەوەی ئەندازەی ئەو ئەوینەش پیشانی وەرگرەکانی ئەو پەیامە بدات، لە قوڵیی دیاردە سەرنجڕاکيشەکانی سروشتەوە، “زەریا”، “ئاسمان”، چیا”، پێوانەکان وەردەگرێت و مەبەستێتی هەر لە سەرەتاوە بيسنووریی ئەڤین بەیان بکات.

(دەزانی زەریا چەند قووڵە

هێندەی قوڵاییی زەریاکان

خۆشم دەوێی

دەزانی ئاسمان چەند دوورە

هێندەی دووریی

حەوتەمین نهۆمی ئاسمان

خۆشم دەوێی.) (ئەڤیننامە ل٩)

شاعیر لە پەراوێزی شیعرەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم چەند دێڕەی سەرەتای لە ژێر کاریگەریی تێکستی گۆرانییەکدا داناوە کە گۆرانیبێژی لوبنانی فەیروز گوتوویەتی، بە ناوی (شایف البحر)ەوە، کەواتە هەر ئەڤینێک لە شیعردا تام و بۆنی جۆرە خودایییەکەی عیشق بدات، کاریگەری دادەنێت و ناتوانی بەلایدا تێپەڕیت و سەرسامی خۆتی بۆ دەرنەبڕیت، یان نەبێتە هەوێنی داهێنانێکی تر لای تۆ. شاعیر لە کۆپلەی دووەمی هۆنراوەکەدا وێنەیەکی تایبەت بەخۆی دەخوڵقێنێت بە شێوەیەک لە هی یەکەم سەرسامکەرتر بێت.

خۆشم دەوێیت و ئەوینم

ئەوەندە پاکژە دەڵێی

بەفرە بە ترۆپکی(کۆ)وە

خۆشم دەوێیت و دەزانم

چارەنووسم بەندە بە ئەوینی تۆوە. (ئەڤیننامە ل ١٠)

عێشق هەردەم بە “پشکۆ” و “گڕ” و “گڕکان” وێنا کراوە و ناخی پڕ عیشق وەک کوانووی پڕ لە ژیلەمۆیە و شاعیرانیش وا وێنەیان کێشاوە، بەڵام لێرەدا ئەوین پاکژییەکەی وەک بەفری ترۆپکی شاخ وێنە گیراوە، کە جگە لە سپێتییەکەی کە هێمای پاکییە، نەک هەر ساردە بەڵکو شەختەبەندیشە. لێکچواندنی عیشق بە بەفری ترۆپکی کێو، لەجیاتی دەربڕینە باوەکانی شیعر بۆ عیشق، ناوازەیی بەخشیوەتە جۆری ئەو عیشقە و زمانی دەربڕینی عیشقەکەش. تەنها بە زمانێکی چڕ و گەشەسەندوو دەتوانرێت وێنەی ناوازەی شیعری بخولقێندرێت.

بەپێی بروونەر”زمان دەبێتە مەرجێک بۆ بیرکردنەوەی ئازاد. گەشەسەندنی زمان، بەردی بناغەی بیرکردنەوەیە. دەربڕینی قووڵترین ئەڤین بە جەند وشەیەک، نیسانەی چڕیەتیی زمانەکەیە کە هاوکات دەکاتە، پریەتیی رامان یان بیری خاوەنەکەی.  دەسەڵاتی شاعیر بەسەر زماندا جگە لە چڕییەکەی، لە کێش و سەروای شیعرەکەشدا دەردەکەوێت.

ڕیتمی شیعرەکە هێند سانا و سروشتی خۆی دەکات بە گوێی دڵدا، وەک ئەوەی سروەی بەیانی بێ و نەیبینیت، تەنها بە نەرمی هەست بە شنەشنەکەی بکەیت. ئەم دەسەڵاتە نەک تەنها لەم شیعرەدا، بەڵکە لە کۆی شیعرەکانی ئەڤیننامەدا خۆی دەردەخات. لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە باڵایەشدا کە شاعیر بەسەر زماندا هەیەتی و لە شیعرەکاندا بە هۆ و بێ هۆ دەردەکەوێت، کەچی لە وێنەیەکی تردا لە تەنها دە وشەدا سورپرایزێک دروست دەکات، کە تیایدا هەم مەزنی جۆری ئەوینەکە دەردەبڕێت و هەمیش جەخت لەسەر چڕترین دۆخی زمانەکەی دەکاتەوە.

من ئەوەندە تۆم خۆش دەوێ

کە دەتبینم

زمانم لە گۆ دەکەوێ. ئەڤیننامە. ل ١٣

لای ئۆشۆ “عیشق باڵندەی سەربەستە.” پێناسەکردنی عیشق بە دوو وشە، “باڵندە” و”سەربەست” بە مانای فڕین لە ئاسۆییەکی بێکۆتاییدا دێت. خودی ئەو بێئەندازەییەی ئاسۆی عیشقە وای کردووە مرۆڤ خۆی تیا ون بکات و بەدەگمەن مرۆڤ هەبێت خۆی تیا بدۆزێتەوە. شاعیر ئەگەرچی باس لە “ئەوین لە پاییزی تەمەندا” دەکات، ئینجاش وەک باڵندە سەربەستەکەی ئۆشۆ دەیبینێ و وزەی گەیشتن بە سەرووی هەورەکانی پێ دەبەخشێت.

کە چرپەیەکت دەبیستم

داوێنم لە هەور دەخشێ

دەڵێی هەڵۆ باڵی خۆیم پێ دەبەخشێ. ئەڤیننامە. ل ١٣

جیاوازییەکی تری شیعرەکانی ئەڤیننامە ئەوەیە، کە شیعرەکان کورتن بەڵام لە هەر یەکێکیاندا چیرۆکێک هەیە. گێڕەرەوە لەو شیعرانەدا بە من: ڕاناوی کەسی یەکەمی تاک دەپەیڤێت، کە لەم دۆخەدا رەنگە شاعیر خۆی بێت لە زۆربەیاندا، یانیش خۆی نەبێت لە هەندێکیاندا، بەڵام تەکنیکێکی وای هەڵبژاردبێت، کە ئەمە هیچ لە بایەخی جۆری بڕوا و پەیامی ناو شیعرەکە ناگۆڕێت. ئەوەی دەسەڵاتی بەسەر زماندا نەشکێت دەشێ چیرۆکێک بە دەیان لاپەڕە بنووسێ، بە پێچەوانەشەوە ئەوەی پاشای سەرعەرشی مەملەکەتی زمان بێت، بە کورترین پەیڤ، خورتترین باوەڕ دەردەبڕێت.

دروستکردنی وارێک لە ئەوین و بۆ ئەوین؛ پێویستی بە بناغەدانەرێکی کارامەیە. کەسێک دیکۆرکيشێکی شارەزای بواری زمانی هەستەکان نەبێت، ناتوانێت بە هێما و ڕەمزەکان، بە چەند خشتێکی وشە، ئەو نیشتیمانە دروست بکات و ئەو وڵاتە ئاوەدان بکاتەوە. ئەدۆنیس واتەنی:” شیعر شتێکی دیکە نییە لە هەوڵی مرۆڤ زیاتر، بۆ گوتنی ئەوەی کە ناگوترێت، بە سیمبول و مەجاز نەبێت.” بەکارهێنانی میتافۆر و لێکچواندن و هێماکان تەنها ئەوانە دەتوانن جیاواز و سەرنجڕاکيش بەکاری بهێنن کە عاشقانە نازی زمان دەکێشن و لە پاداشتیشدا زمان عاشقانە ڕازەکانی خۆییان دەخاتە مست. زمان چونکە سیمبولئامێز و پڕ کۆدە، شارەزای نەبیت ناتوانیت کۆدەکانی هەڵبێنی و لە خزمەتی داهێنانی خۆتدا بەکاری بهێنیت. لە هەر پیتێکدا وزەیەک هەیە، بۆیە هەڵبژاردنی وشەکان بۆ داهێنانێکی ئەدەبی جگە لە شارەزایی لە هونەری جوانی و جوانناسی، وزەناسیشی پێویستە.

شیعری جوان ئەوانە نین کە لەبەر ئاڵۆزی وشەکانی فەرهەنگۆکیان بۆ دابنرێت و بۆ دۆزینەوەی ماناکانی تووشی سەرەگێژەمان بکات، بەڵکوو ئەوانەن کە وشە سادەکانی، شیلەی سۆزیان لێ دەچۆرێ و خەڵتانی خەیاڵێکی سەربەست و باڵان و ڕستەکانی وەستایانە دارێژراون و لە هەمووشی گرنگتر بەشەکانی شیعرەکە هاوئاهەنگن پێکەوە و یەکێتییەکی تۆکمە لە نێوانیاندا هەیە. پێویستە شاعیر لە کاتی بنیاتنانی ڕەمزی شیعریدا”پارێزگاری لە کەمترین ناوەڕۆکی وشەکەش بکات، بەشێوەیەک کە سنووری فراوانی زمانی شیعری بەرز بنەخشێنێ، کە نرخێکی بڵندی جوانی تێدا بێت، هێماکانی وا بن کە هاوسەنگییان تێدا بێت کە بۆ سەرکەوتنی داهێنانەکە پێویستە.

با هەست بە تەنیایی نەکەی

ئەوە دڵم

وەرە بیکە بە نیشتیمان

هانێ ئەوە دەستەکانم

وەرە بیانکە بە ستیان

ئەوە شانەی برژانگی من

وەرە قژتی پێ دابێنە

ئەوە جۆلانەی ئامێزم

وەرە سەرخەوێ بشکێنە. ئەڤیننامە ل ١٥

وشەی ستیان”مەمکبەند” لەم کۆپلە شیعرەدا ئەوە ڕوون دەکاتەوە، لەنێو چیرۆکی ئەم شیعرەدا پیاوێک هەیە و بانگەوازەکەی بۆ ژنێکە و دەیەوێت لە تاراوگەی تەنیاییەوە بیهێنێتە نێو نیشتیمانی دڵی خۆی. بەڵام دەشێ لە نیشتیمانیشدا مرۆ هەست بە نامۆیی و تەنیایی بکات، بۆیە پێشنیازی دیکەی بۆ دەکات و ڤینوارەکەی بۆ تایبەتتر دەکاتەوە تا دەگاتە قەوارەی ئامێز. وشەگەلی “خەو”،”ئاميز” و “ستیان”، ئەگەرچی تایبەتمەندن بە جەستەوە و ڕەنگە مرۆ لە چرکەساتی یەکەمدا وەک حەزێکی چێژی سێکسی لێکی بداتەوە، بەڵام کە وێنەکە تەواو دەبێت و ئەنجامی چیرۆکی ئەڤینەکە دێتە دەست، هیچ هەست بەوە ناکرێت کە قارەمانی چیرۆکی ئەم شیعرە تامەزرۆی ئامێز بێت بۆ چێژوەرگرتنی کاتی، هێندەی ئەوەی هەست دەکرێت بۆ یەکگرتنەوەی رۆحەکانی ئەم عاشق و مەعشووقە بێت. دووپاتکردنەوەی وشەی بانگەوازئامێزی”وەرە،” جۆری تکاکردنی نەنواندووە، جەختکردنەوەیە لەسەر سووربوونی عاشق، لە خۆتەرخانکردن بۆ مەعشووق تا پلەی توانەوە.

وەرە بەڵێنت پێ دەدەم

لە چاوما جێت بۆ ڕابخەم

شەوانە بۆت ببم بە مۆم

لەبەر تاڤگەی شیعرا بتشۆم. ئەڤیننامە ل ١٦

مەرج نییە شیعری عیرفانی وشەگەلی وەک “ئیشراق” و “وەجد” و “تەجەلا” سیخناخیان بکات، کە تایبەت بە جیهانی سۆفیگەریین.بە مۆم بوون و توانەوە لە پێناوی عیشق و بۆ مەعشووق، خەسڵەتی شاعیرە عارفەکانە. مەحوی دەفەرموێ

لەم شەرحی دەردی غوربەتە، لەم سۆزی هیجرەتە

دڵ وەختە بێ بە ئاو و بە چاوما بکا عوبوور

ژن لەلای شاعیرە سۆفییەکان جەستە نییە و سەرچاوەیەک نییە بۆ چێژی کاتی مرۆیی. ئیبن عەرەبی دەڵێت:”هیچ بوونەوەرێک لە گەردووندا هێندەی ژن بەهێز نییە. بۆهەر هەناسەیەکی ژن، خودا فریشتەیەکی خوڵقاندووە.” . بۆیە جیاوازی دەبینین لە نێوان دەربڕینی شاعیرێک کە لە دنیای هزری سۆفیگەرییدا مەلە لە نێو عیشق و وشەدا دەکات، وەک لە شاعیرێکی تر کە لە دنیای غەریزەکانەوە بە وشەگەلی شەهوەتوروژێن باسی جەستەی ژن دەکات. ماچ و ئاوێزانی عاشق و مەعشوق کە سۆزێکی خوایی پێکەوەیان دەبەستێتەوە نە تابووە و نە نەنگی، ئەوە جۆری دەربڕینەکەیە نەنگیی دروست دەکات. حەزرەتی نالی شاکار دەخوڵقێنێ لە داوا کردنی ماچێک لە خۆشەویستەکەی:

لەبت میم و قەدت ئەلف و زوڵف چیم

دەزانی بەم سیانە تالیبی چیم؟

!

وەفای عەهدە لە من رۆح و لە تۆ ماچ

چییە چارەی ئەمانەت غەیری تەسلیم

کە هاتی تیغی بێزارییت لەسەر دام

سەری خۆم خوود بە خوود هەڵگرت و رۆییم

ماچەکەی حەزرەتی مەحویییش بەهەمان شێوە خوداییە و تەواوی بوونی خۆی لەسەر ئەو ماچە بنیات ناوە. کاتێ ئەڤین دەگاتە پلەی گیانیبەگیانیبوون، عاشق و مەعشووق تەنها لە جەستەدا جیان و لە رۆحدا هەردەم پێکەوەن. ئاوێتەبوونی جەستەکان بۆ ئەڤیندارە خوداییەکان تەنها لە پێناوی بەرزکردنەوەی جەستەی بۆ ئاستی رۆح. حەزرەتی مەحوی دەڵێ:

کە بێ لێوی لەسەر لێوم بنێ ڕۆحم لەسەر لێوە

کە لێوی لابەرێ ئەڵبەتە رۆحم دەردەچێ پێوە

شەمسی تەبریزی دەڵێ:”عەشق گەشتێکە، هەموو رێبوارەکانی بیانەوێ و نەیانەوێ گۆڕاون. هیچ کەسێ نییە گەشتی بۆ ئەڤین کردبێت و نەگۆڕابێت.” کەواتە ئەڤین بریتییە لە هۆشیارییەک و وزەیەک کە توانای گۆڕینی هەیە و ئەم گۆڕانەش لە نزماییەوە بەرەو باڵایە، ئەو باڵایەی کە چارەنووسی مرۆڤەکانیشی بەدەستەوەیە. ئیبن عەرەبی دەڵێ:”من باوەڕم بە ئایینی ئەڤینە، هەرچییەک بێت و ئاراستەی کاروانەکەی بۆ هەرکوێ بڕوات، چونکە ئەڤین ئایینی منە.” دانی ئەم پایە بڵندە بە ئەڤین لە زانایی و هۆشیارییەکی ڕۆحی باڵاوەیە. نەزانەکان ئەمە بە کوفر ناوزەد دەکەن، عارفەکان بێباکانە و بە خاترجەمییەوە بۆ گەیشتن بە خودا ئەڤین دەهۆننەوە. مەولانا جەلالەدینی ڕوومی دەڵي: “زۆر ڕێگا هەیە بۆ گەیشتن بە خودا، من ئەڤینم هەڵبژارد.”

وەرە من تۆم

هێندە خۆشتر دەوێ لە خۆم

ئەگەر بڵيی بمرە دەمرم

وەرە گیانی شیرینم بە

وەرە شاژنی وڵاتی ئەوینم بە

وەرە ئەمن دەتپەرستم

وەرە ئەگەر

تۆش بە ڕاستی خۆشت دەوێم

وەرە تۆ شیاوی ئەوەی

سەدجار لەسەرت بکوژرێم. ئەڤیننامە. ل ١٨ و ١٩

لێرەدا هەمان ڕيگاکەی ڕوومی هەست پێ دەکريت هەڵبژێردراوبيت بۆ گەیشتن بە خودا، یان بە خوود، واتە بە مەعشووق. دەستەواژەی پەرستن لە پاشخانی هۆشیاری مرۆڤدا بە درێژایی سەدەکان بۆ خودا بووە نەک بۆمرۆڤ، ئەگەرچی شاعیران لە مرۆڤدا بەرجەستەیان کردبيت و ئەو سیفەتانەیان بە دولبەر دابێت. لەم شیعرەدا بانگەوازی”وەرە” چەند بارە دەبيتەوە، کە شاعیر بە مەبەستەوە دایناون بۆ خولقاندنی کەشێک لە ویستی رۆحی پەتی و بێپەروا بۆ گەیشتن بەوی تر و توانەوە لەوی دیدا. تەنها “وەرە” ی زیاد لەم هۆنراوەیەدا، رەنگە ئەوەی کۆتایی دێڕەکە بێت، کە “وەرە”یەکی ناپێویستە و دەکرا لە جێگەی ئەوە، وشەیەکی سۆزئامێزی بەهێزتری بگوتایە، بۆ نموونە:

ئازیز تۆ شیاوی ئەوەی

سەدجار لەسەرت بکوژرێم.

ئۆشۆ دەڵێ” دەبێ لە ڕێگای عیشقەوە هەبوو بناسیت، ئەو کات خودایش دەناسیت. خودا رڕووکردن لە هەبووە، لە ڕێگای عیشقەوە.” ئەم ڕێگایە هێندەش ئاسان نییە و هەموو کەسێ ناتوانێ تاقیی بکاتەوە. شاعیرەکان تاقی دەکەنەوە، بەڵام مەرج نییە سەرکەوتوو بن تێیدا و لە کۆتایی ڕێگادا ئامانج بدۆزنەوە کە گەیشتنە بە خوود یان بە گوزارەیەکی تر، گەیشتنە بە خودا. زۆر لە خۆکردن بۆ دەربڕینی ئەڤین بە شیعرەوە دیار دەبێت و هەر شیعريک خۆڕسکانە سۆزی ئەڤینی نەهۆنیبێتەوە، نەیتوانیوە ببێتە شیعريکی دڵخواز و نەمر. مەولانای ڕوومی دەڵێت: “تۆ باڵت هەیە، فێر بە بەکاری بهێنی و بفڕی.” وزەی ئەڤینیش لە مرۆڤدا خواییە، تەنها ئەوەندەی پێویستە فێری بەکارهێنانی ببیت، بۆیە شاعیریش بۆ دەربڕینی ئەڤینی باڵا، پێویستی بە زمانيکی چڕ و ڕامانيکی پڕە و هیچی تر.

قاڵبووی هەمان بۆتەی ئێشین

تا ئاستی شێتی سەرکێشین

کە دەپەیڤین

قسەی یەکدی دەڵێینەوە

کە پێک دەگەین

لە یەکدیدا دەتوێینەوە. ئەڤیننامە ل ٣٥

هينری کۆربن دەڵێ:” بزوێنەری یەکەمی هەموو جۆريکی خۆشەویستی، جوانییە.” کەرەستەی سەرەکی هەر شیعريک زمانە، بەڵام جیاوازی ئەو زمانە لە هی ڕۆژانە و باو ئەوەیە جوانتر دەری دەبڕێت. بەڵام جوانییش شتێکی نەگۆڕ نییە و بینینی جوانی پەیوەستە بە هەستەکان و ڕادەی کاراییی خەیاڵی کەسەکانەوە. خەیاڵ هەیە هەژارە و زمان تیایدا لە گیانەڵادایە. خەیاڵی داهينەر هەموو ئەو بەرهەمانەی خوڵقاندووە کە لە بیری مرۆڤایەتیدا ماون و ناوی شاکارەکانیان لێ نراوە. “خەیاڵ نەبووایە ئەمڕۆ ئێمە لە نەبوودا بووین.” ئەم گوزارەیەی هينری کۆربن سەبارەت بە خەیاڵی داهێنەرانە، تا ئەو ڕادەیە دەسەڵاتبەخشە بە خەیاڵ کە بوون بە خەیاڵەوە گرێ دەدات.

هێنری کۆربن لە کتيبی خەیاڵی خوڵقينەر لە تەسەوفی ئیبن عەرەبیدا، پێی وایە سێ جۆر خۆشەویستی هەن و سێ جۆر بوون لە ئارادان، یەکەمیان خۆشەویستیی خوڵقينەر بۆ مەخلووقەکەی کە تیاشیدا دەردەکەوێت (تەجەلا دەکات.) دووەمیان خۆشەویستی رۆحانی کە تیایدا عاشق هەمیشە وێڵی دۆزینەوەی بوونە لە پلە باڵاکەیدا و سێیەمیشیان خۆشەویستیی سروشتییە کە بەدوای ئارەزووەکانەوەیە و هەوڵی خاوەندارێتی مەعشووق دەدات، کە ئەمەیان ئەو جۆرە خۆشەویستییەیە زۆربەی مرۆڤەکان پەیڕەوی دەکەن نەک مرۆڤەکان بە گشتی، بەڵکە دەستەبژێری شاعیرانیش جگە لەوانەی لە ڕوانگەیەکی عیرفانییەوە ئەڤین دەهۆننەوە، عیشق لەپێناوی ڕازیکردنی ڕەمەکەکانیان (غەریزە)  و لە پێناوی بەرژەوەندیی هەستی خۆیاندا بەکار دەبەن و هەروایش دەیخەنە ڕستەی شیعرییەوە. لای ئەوانە جەستەی ئافرەت دەبێتە ئامرازيک بۆ وروژاندنی حەزی سێکسی و هیچی تر.

ئۆشۆ لە کتيبی “ئەڵماسەکانی هۆشیاری”دا دەپرسێت: “ئایا تاکوو ئێستا ئەویندارانە سەیری شتێکت کردووە؟ لەوانەیە بڵێی بەڵێ، چونکە نازانیت کە تەماشاکردنی ئەویندارانە لە شتێک واتە چی! لەوانەیە سێکسیانە سەیری شتەکانت کردبێت، ئەمە شتێکی دیکەیە کە تەواو جیاوازە، ڕێک خاڵی بەرانبەر ئەوە. سەرەتا هەوڵ بدە جیاوازی دەرک بکەیت. ڕوخسارێکی جوان، لەشێکی جوان، تۆ سەیری ئەو دەکەیت و هەست دەکەیت کە ئەویندارانە سەیری ئەو دەکەیت. بەڵام بۆچی سەیری ئەو دەکەیت؟ ئایا ‌حەزت لێیە شتێک لەوەوە وەدەست بخەیت؟ ئەو کات سێکسە و ئەوین نییە. ئەو کات لە ڕاستیدا تۆ بیر دەکەیتەوە کە چۆن لەو لەشە سوود وەربگریت، چۆن لەو لەشە کەرەستەیەک دروست بکەیت بۆ ڕابواردنی خۆت.

ئێمە دەتوانین هەزاران کۆپلەی شیعری شاعیرانی دنیا و هی خۆماڵیش بهێنینەوە کە ئەو جۆرە لە وەسفکردنی جەستەی ئافرەت بەکار دەبەن و ناویان لێ ناوە شیعری ئەڤینداری. ئەو جۆرەی کە کەفوکوڵێکی شەهوەتبازییە نەک ئەوین، چونکە لەوێدا ئافرەت و جەستە و جوانییەکەی بریتین لە کەرەستەی خاوی خەیاڵێکی سێکسی نەک خەیاڵێکی باڵای داهينەرانە. لە ئەویندا ئەویدی گرنگە؛ لە سێکسدا تۆ گرنگی. لە سێکسدا تۆ بیر دەکەیتەوە کە ئەویدی بکەیتە کەرەستەی کەیفخۆشی خۆت، لە ئەویندا تۆ بیر دەکەیتەوە کە خۆت چۆن بکەیتە کەرەستە. لە سێکسدا تۆ ئەویدی بەخت دەکەیت، لە ئەویندا خۆت بەخت دەکەیت. ئەوین واتە بەخشین و پێدان، سێکس واتە وەرگرتن و بەدەستهێنان. ئەوین ڕادەستبوونە، سێکس هێڕشبردنە.

ئەوە تۆ بووی فێرت کردم

کرۆکی ژیان ئەڤینە

ئەوە تۆ بووی فێرت کردم

خۆشەویستی هەر بەخشینە

کەس وەک تۆ خۆشی نەویستووم

هەمیشە چیت شک بردبێ

بێ دوودڵی پێت بەخشیووم

هەرگیز هیچت لێ نەویستووم. ئەڤیننامە  ل ٥٧ و ٥٨

لەم وێنە شیعرییە پڕاوپڕ لە مانا ئۆشۆییەکەی عیشق، شاعیر خاکەڕایییانە خۆی وەک شاگرد و مەعشوق وەک مامۆستای ئەو جۆرە ئەڤینە دەزانێت، کە ئەمەش ناکاوییەک یان سورپرایزيکی شیعرییە، چونکە وێنە باوەکە ئەوەیە کە شاعیر خۆی یان عاشق بە بکەر و کارا پیشان بدات و مەعشووق بە کارپێکراو یان کارتێکراو. لێرەدا مەعشووق کارا و عاشق خۆی کارتێکراوە، مەعشووق بکەرە و عاشق خۆی بەرکارە. ئەمەش جیاوازییەکی دیکەی داهێنەرانەیە کە ڕامانێکی هۆشیارانە لە دنیای ستاتیکا و ئەڤینناسی خوڵقاندوویەتی. ئەمە ئەو ڕادەستبوونەیە کە ئۆشۆ باسی دەکات، پێچەوانەی هيڕش بردن و داگیرکردنی مەعووق و بە پاسیڤ پیشاندانی. ئەم جۆرە لە خاکەڕایی لە وێنەی دیکەشدا دەردەکەوێت و وا دەکات بگەینە ئەو یەقینەی ڕێکەوت نییە شاعیر ئەم جۆرەی لە ئەڤین هەڵبژاردووە، بەڵکوو ئەڵماسەکانی هۆشیاریی خۆی دۆزیوەتەوە،  بۆیە چۆکدادان بۆ ئەڤیندارەکەی بە شکۆمەندی دەزانێت.

دەبوو هەڵوێستی وەها نەنوێنم

پەڕەی هەستی تۆی پێ بڕووشێنم

دەبوو لە عەرشی ئەوینی تۆدا

بێمە سەر چۆک و سەر دانەوێنم. ئەڤیننامە ل٦٠

ئۆشۆ پێی وایە کە ئەوە ئەوینە وا دەکات تۆ ناوازە بیت و بەبێ ئەوین هەست نەکەیت کە تۆ کەسێکی و هەست بە کەسبوون نەکەیت. “تاکو کاتێک کە کەسێک بە قووڵی تۆی خۆش نەوێت، تۆ هەرگیز هەست ناکەیت کە بوونەوەرێکی ناوازەیت. تۆ تەنیا یەکێک لە ناو کۆدایت، تەنها یەک ژمارە، یەک پێدراویت، دەتوانین تۆ دانێین، یان لە جێتدا کەسێکی تر دابنێن.” ئەو عیشقەی دەگاتە پلەی عیرفان، ئەو جۆرەیە کە مەعشووق جێگرەوەی نییە بۆ عاشق و تەنها ئەو دەتوانیت ئەو جێگەیە پڕ بکاتەوە.

دەتسم من

شیاوی ئەو

هەموو ئەوینەی تۆ نەبم

تۆ لە ژیانمدا نەبی

لام چوون یەکە

ئەگەر هەبم یاخوود نەبم. ئەڤیننامە ل٥٦

وێنەکە تەواو لە ئاوێنەی ئەو تێڕوانینە دەچێت کە ‘ئەو’ جیگرەوەی نییە و تاک و تەنیایە و کەس لەو ناچێ و بە چەند وشەیەک کلیلی بوونی خۆی دەخاتە مشتی ئەوەوە. ئەمە ئەو ئاوێنەیەشمان وەبیر دێنێتەوە کە جەلالەدینی ڕۆمی دەیخاتە ڕوو: “بەدوای خوادا گەڕام و تەنها خۆمم دۆزییەوە، بەدوای خۆمدا گەڕام و تەنها خودام دۆزییەوە.”

لە نێو دیوانی ئەڤیننامەدا دەست بۆ هەر دێڕێک دەبەیت، پشکۆی ئەڤینێک دەگەشێتەوە کە لە جۆری خوداییە نەک مرۆیی، بەڵام ئێمە نموونە لە خەروار وەردەگرین و خەرمانەی سەرنجمان ئاوێزانی وێنە هەرە سەرسامکەرەکان دەبن.

ئەوە تەنیا ئەوینی پاکژی تۆیە

مانا دەدا بە ژیانم

بەهۆی خۆشەویستیی تۆوە

هەست دەکەم منیش ئینسانم. ئەڤیننامە  ل ٧٤

ئەم وێنەیە تەنیا وێنە نییە، بەڵکوو ڕوویەکی شاراوەی ‌حەقیقەتیشە. خۆشەویستی یاسای سەرەکیی بوونە، مرۆڤەکان تا زیاتر بەرهەڵستی بکەن، دوورتر دەکەونەوە لە حەقیقەت. لە خۆشەویستیدا ژیان واتە کرۆکی مرۆڤبوون و گەیشتن بە کەماڵی مرۆڤایەتی، تەنیا لە ڕێگەی خۆشەویستییەوە بەدی دێت. ئۆشۆ دەڵێ: “ڕاستگۆیی بە واتای گوتنی ڕاستی نییە، بەڵکوو بە واتای ڕاست و دروست بوونە. دانپێدانان بە ڕاستییەکان، واتە ڕاستی و دروستی، کە مرۆڤی سەردەمی نوێ لەم خەسڵەتە بێبەرییە و ددان بەو ڕاستییانەدا نانێت کە لە دەروونەوە هەستیان پێ دەکات. بە ئەوین مرۆڤ گەشە دەکات، ئەمە لە تیۆرییەکانی دەروونناسیشدا جەختی لەسەر کراوەتەوە. لە شیعردا خوڵقاندنی ئەو وێنەیە کە مەرجی ئینسانبوون ببەستێت بە خۆشەویستییەوە، بریتییە لە هۆشیارێکی بەرین و بەبێ فیز دەربڕینی ڕاستییەکی رۆحی بە پلەی نایاب.

تا ئەوینت

ژینی داگیر نەکردبووم

نەمدەزانی

لە پاییزی تەمەنیشدا ڤیان هەیە

تاکوو باسکت

نەکردبوو بە سەرینم

نەمدەزانی

لە جەستەمدا ڕەوان هەیە. ئەڤیننامە ل ٧٧

کۆکردنەوەی ئەو هەموو وێنە ناوازانەی ئەڤین لەم دیوانە بە قەوارە بچکۆلەیەدا، جۆريک لە شادی دەبەخشێت کە لە شادمانی نێچیروانێک دەچێت بۆ ماسیگرتن ڕووی لە دەریا کردبيت، بەڵام لە پاڵ ئەوەدا سەدان مرواریی دۆزیبێتەوە، یان بۆ ڕاوکردنی ئاسکۆڵەیەک ڕووی لە چیا کردبێت و لەوێ گەوهەری ئەڤین و ئەڵماسی سۆزی دۆزیبێتەوە.

نهێنیی ئەم کورت و خورت نووسینەی شاعیر لە چیدایە کە بە چەند وشەیەک چیرۆکێک دەخولقینێ و بە چەند دێڕێک سورپرایزێکی هونەری دروست دەکات؟ ئەم نهێنییە شاعیر خۆی بەڵام لە شیعرێکی تری نیو دیوانێکی شیعری تریدا ئاشکرای دەکات. لە کۆمەڵە شیعری “چۆن دڵت هات جێم بهێڵی”دا، شیعرەکان ئەڤینداریی نین، گشتین و هەندێکیشیان ئامۆژگاریئامیزن، وەلێ لەواندا دەتوانین هەندێک لە نهێنییەکانی زمان و ڕامانی شاعیر بدۆزینەوە.

جادووگەريکی وەها بە

لە قوڕی پەیڤ

زێڕی شیعر بخوڵقێنە

شیعرێ رۆ‌‌ح بينێتە سەما.  چۆن دڵت هات… ل ١٣

یاخود:

گەر دەتەوێ دەنگت نەمرێ

بڕۆ بە ڕۆح بەستە بڵێ

نەک بە گەروو

بۆ ئەوەی هەمیشە موزیک

لە شیعرەکانت بچۆڕێ

هەوڵ بدە

منداڵەکەی ماڵی ناخت گەورە نەبێ. چۆن دڵت هات… ل ١٧

بۆ ئەوەی لە قوڕی پەیڤ زێڕ دروست بکەیت یان دەبێت کیمیاگەر بیت یان ئەفسوونگەر. بۆ ئەوەی شیعری نەمر بخوڵقێنی، پێویستە منداڵیی لێت جیا نەبێتەوە، چوون تەنها منداڵ نوقمی ئەو ڕاستگۆیییەیە کە دۆخی سروشتی مرۆڤە و گەورەبوون وا دەکات مرۆڤ خۆی لەگەڵ داب و نەریت و کولتوور و یاسا و رێساکان بگونجێنێ و لە ئاکامدا ببێتە نمایشکارێکی دەمامکدار، یان درۆزنێکی قبوڵکراو لە کۆمەڵدا، ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە شاعیر دەیدرکێنێ.

ئەوە جیاوازبوون و یاخیبوونە لە باو کە بەردەوامی و ناوازەیی دەخوڵقێنێ. ئۆشۆ دەڵێ: “ئادەم یەکەم مرۆڤ بوو، نەک لە بەر ئەوەی یەکەم بوو، لەوانەیە پێش ئەو کەسانی تر هەبووبن، بەڵام کەس نەیگوت (نا)، بۆیە مێژوو ناتوانێ تۆماریان بکات.” بە بڕوای ئۆشۆ ئەوە گوتنی نا و یاخیبوونە لە باو، وا دەکات تۆ هەبیت و کەسێکی ناوازە بیت. لەوانەیە پێش ئادەم ملیۆنان کەس هەبووبن بەڵام کەس نەیگوت نا، ئەوان نەیاندەتوانی ببنە مرۆڤ، ئەوان نەیاندەتوانی ببنە نەفس. ئادەم وتی نا، بێگومان باجی ئەو دەربڕینەی دا، لە باخی خۆشبەختی کرایە دەرەوە. بە باوەڕی ئۆشۆ ” ئادەم مرۆڤە و هەموو مرۆڤێکیش هاوشێوەی ئادەمە. هەموو دۆخێکی منداڵی باخی عەدەنە. هەموو مناڵێک ئەوەندەی ئاژەڵان دڵخۆشە، ئەوەندەی گیانلەبەرە بەرایییەکان، ئەوەندەی درەختەکان دڵخۆشە.”

حەمەسەعید حەسەن، چونکە جگە لەوەی شاعیر بێت، ڕەخنەگریشە و ژمارەیەکی زۆر بەرهەمی ئەدەبی و بە تایبەتیش شیعری شاعیرانی تری داوەتە بەر سەرنجی ڕەخنە، بۆیە باشتر دەزانێ چی دەبێت بە خەوش و بار و نەنگیی شیعر، بۆیە خۆی کە شیعر دەنووسێت، وریاتر زمان و هێماکان و ئامرازەکانی شیعر بەکار دەهێنێت. لەبارەی هونەری شیعرەوە بۆچوونی دانسقە و بەهاداری هەن، کە لێکۆڵەر و رەخنەگرانی تریش دەتوانن پشتیان پێ ببەستن. لە پێشەکیی دیوانی (چۆن دڵت هات جێم بهێڵی)دا دەڵێت: “شاعیر لەپێناوی داهێنانی دەنگدا، لە دەرگای بێدەنگی دەدات و لە پێناوی بنیاتناندا، هانا بۆ ڕووخاندن دەبات.” ئەم هاودژانەی کە باسیان دەکات، ئەو (نا) گوتنەی ئادەمە کە ئۆشۆ باسی دەکات. بێدەنگی لە دنیای هەستەکاندا هەمان مانای بێدەنگی ئاسایی نادات، مانای هیچ نەگوتن نییە، بەڵکوو لە دنیای شاعیران و رۆحگەراکاندا، لەنێو بێدەنگیدا ڕووداوی زۆر گەورە روودەدەن.

هەر لەبەر ئەم هۆکارەیشە، سۆفییەکان خەڵوەت هەڵدەبژێرن، تا بێدەنگی بتوانێت بیانگەیەنێت بە خوا. تەنها لە بێدەنگیدا مرۆڤ دەتوانێ گوێی لە دەنگی ڕاستەقینەی ناخی خۆی بێت، واتە خوودی خۆی، ڕەوانی خۆی. خەیاڵی باڵا لە بێدەنگیدا دەگاتە چڵەپۆپەی خۆی، تەنها لە دۆخی خەیاڵی باڵادا شاعیر دەتوانێ سەرچڵانە گەمەی مەرگ و ژیان بە وشە بکات و زمانێکی نوێ دابهێنێت. مەولانای روومی دەڵێت:” بە زمانێکی نوێ بدوێ، تا دنیا ببێتە دنیایەکی نوێ.” کەواتە ئەوە زمانە دەسەڵاتی نوێکردنەوەی دنیای هەیە. بێدەنگییش دیالێکتێکی تری زمانە و ئەوانەی بزانن لێی تێبگەن و پێی بدوێن، ئەوانەن دەتوانن شاکارەکان بخوڵقێنن. مەولانا دەڵێت:” دەنگێک هەیە وشە بەکار ناهێنێت، گوێی لێ بگرە!” گوێگرتن لە بێدەنگی خۆی لە خۆیدا هونەرە، هونەرخوڵقێنیشە، ئەمە شاعیرە عارفەکان زۆر جوان توانیویانە سوودمەند بن لێی. مەولانا دەڵیت:”من کە بێدەنگم، هەورەتریشقەم لە ناخمدا شاردۆتەوە.”

لەسەر بناغەی خراپ چاک دروست ناکرێت، بۆیە ڕووخاندن و سەرلەنوی بنیاتنانەوە پێویستە. ئەو شاعیرەی کە بە ڕاستی شیعرییانە بیر لە شتەکان بکاتەوە، وەک فەیلەسووفێکە کە بە ڕاستی ڕوخێنەری ئەو بناغانە بێت کە لە قاڵبی باوەکاندا دانراون. پێویستە بە نەرمییەکی وا بڵند و شەفاف و سەرسوڕهێنەرەوە مامەڵە لەگەڵ شتەکان بکات، بتوانێ وایان بەکاربهێنێت لە شیعردا هەستەکان بهێنێتە لەنجە و لارییەکانی ژیان لە بیر بباتەوە.

بڕۆ گومان بوروژێنە

هیچ هەقی یەقینت نەبێ

هەر نهێنی بدرکێنە

هیچ هەقی ئاشکرات نەبێ

هەر دودڵ بە

باسی دڵنیایی مەکە! چۆن دڵت هات… ل ١٩

باوەکان هەموو کەس دەیانڵێت و مەترسی ناخەنە سەر ژیانی بێژەرەکانییەوە، ناباوەکانن شوێنەوار لە زەیندا جێ دەهێڵن و دەتوانن گۆڕان دروست بکەن، هەر لەم سۆنگەیەشەوە، ڕەنگە مەترسی بۆ سەر بێژەرەکانیان دروست بکەن.

دەرەنجام

لە ئەنجامی شەنوکەوکردنی دیوانی شیعریی “ئەڤیننامە”ی حەمەسەعید حەسەنەوە و چەند وێنەیەکی شیعری لە دیوانی (چۆن دڵت هات جێم بهێڵی)یەکددا، لەژێر ڕووناکی باوەڕەکانی ئۆشۆ، واتە لە ڕوانگەی ئۆشۆیزمەوە، دەتوانین پەی بەم خاڵانە ببەین:

شاعیر بەبێ ئەوەی دەستەواژەکانی پەیوەست بە سۆفی و سۆفیگەریی بەکار هێنابێت، ڕوانینێکی سۆفییانەی دەربارەی عیشق دەربڕیوە و لە کۆی وێنە شیعرەکانیدا رەنگیان داوەتەوە.

بە زمانيکی هێندە چڕ وێنەی شیعرییەکانی خوڵقاندووە و بە هۆشیارییەکی هێندە پڕەوە وێنەی ئەڤینی نەخشاندووە کە چوونیەکن لەگەڵ ئەو ڕوانینە ئەڵماسئاسایانەی هۆشیاری کە ئۆشۆ هەیەتی بۆ عیشق و بۆ گیان و بۆ ژیان.

ئەو وێنانەی شاعیرە سۆفییە ناسراوەکانی مێژووی ئەدەب خوڵقاندوویانن،  وەکوو ئیبن عەرەبی و شەمسی تەبرێزی و مەولانای ڕوومی، شاکاری رۆحین و لە ئەدەبدا ڕەنگیان داوەتەوە. لە ئەدەبی کوردیشدا ئەو ئەڵماسانە هەن و دۆزینەوەیان پێویستن، لەوانەش نموونەی ئەم شیعرانەی حەمەسەعید حەسەن.

سەرچاوەکان

(١) حەمەسەعید حەسەن، ئەڤیننامە، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس،  چاپی دووەم ٢٠١١ هەولێر .

(٢) حەمەسەعید حەسەن،  چۆن دڵت هات جێم بهێڵی؟ دەزگای چاپ و پەخشی ئاراس ٢٠١١هەولير.

(٣) ئۆشۆ، عیشق باڵندەی سەربەست، و: مەحەمەد مەحەمەد مورادی، چاپەمەنی گەنج ٢٠١٣ سلێمانی.

(٤) ئۆشۆ- کتێبی پیاو، و: بەرهەم ناودەشتی – چاپەمەنیی گەنج ٢٠١٣ سليمانی.

(٥) ئۆشۆ، ئاوازی بێدەنگی،  و: فەردین دارا،  چاپی سێیەم ٢٠١٢ چاپەمەنیی گەنج.

مەھاباد قەرەداغی:

جهێ ژدایک بوونێ: کفری

روژا ژدایک بوونێ: 22-01-1966

روژا وەغەرا داوی: 09-10-2020

ژیاننامە

ل 22-01-1966 و ل ساڵیادا دامەزراندا کۆماری کوردستانێ ل باژێڕوکێ کفری یا سەر ب پارێزگەها کەرکووکا باشوورێ کوردستانێ ژدایک بوویە، بەر هندێ ناڤێ وێ کرییە مهاباد.

1978 ل تەمەنێ 12 ساڵی ڤە دەست ب نووسینا هەلبەستان کرییە.

1980 ل ئادارا ڤێ ساڵێدە ئێکەمین بەرهەمێ هەلبەستێن خوە ل هەفتەنامەیا هاوکاری بەلاڤ کرییە.

1980 ل 27ێ نیسانا هەمان ساڵێدە ژئالێ ڕژێما بەعسڤەدهێتە دەستەسەر کرن. ل ئەشکەنجە خانەیێن ئەمنا کفری ڤە ژبو بەعقوبە و لوێرێ ژی بو زەعفەرانییە وپشترە ژبو ئەمنا عامەیا بەغدایێ هاتە ڤەگوهاستن.

1981 ل دادگەها سەورە ل بەغدایێ حوکمێ ساڵەک زیندانی کرنێ بسەردا هاتە سەپاندن.

1982 ل ڕێکخستنێن نهێنی یێن کۆمەڵەیا ڕەنجدەرێن کوردستانێ درێژە بە تێکۆشانا سیاسی ددەت. ل ڕوژنامە و گۆڤارێن دناڤا باژێردا بناڤێ مەاباد قەرەداغی هەلبەست و نڤیسینێن خوە بەلاڤ دکرن، ل گۆڤارێن شاخیش ب ناسناڤێ هەتاو گەرمیانی، ژاڵە، بەردەوام، ئاڵا و…. نڤیسین و هەلبەستێن خوە بەلاڤ کرن.

1984 ل پەیمانگەها هونەریا کەرکووک، پشکا ژمێریاری دهێتە وەرگرتن و ل 1987 ێ باوەڕناما خوە وەردگریت.

1985 ئێکەمین کۆڕا هەلبەستان ل هەڤلێر و سلێمانی پێشکەش دکەت و بۆ ئێکەمین جار ل تەلەفزیۆنا کوردیا کەرکووک چاڤپێکەوتنەکە ئەدەبی دگەلدا دهێتە سازدان.

1991 ل کونگرەیا ڕاپەڕینێدە دبیتە ئەنداما یەکێتی یا نڤیسەرێن کورد.

1992 دگەل مستەفا گەرمیانی هەلبەستڤان و نڤیسەر ژیانەکە نوو پێک دهینیت.

1993 دێ بەرەڤ وڵاتێ سویدێ کۆچ بکەت و لور نیشتەجﮪ دبیت.

1994 دەست ب چاپکرنا بەرهەمێن خوە دکەتت کو چەندین پەرتووکێن شیعر و چیرۆک و لێکۆلین و ڕۆمان بوونە و ل سەردەمی بەعسدا لبەر سانسۆر نەدهاتن چاپ کرن.

1998 بەرنامەیا پانۆراما ل تەلەفیزیۆنا میدیا ئامادە و پێشکەش دکر.

1999 ل یەکێ حوزەیرانا وێ ساڵێدە کەچا وێ بناڤێ شاکار ژدایک دبیت.

2001 دگەل دوو خانمێن تردا شنە هیدایەتی و مونیرە موفتیزادە، ڕێکخراوا پڕۆژەیا ژنا کورد دادمەزرینن و داخوازینامەیا ژنا کورد بەرهەم دهینن و چەندین کۆنفرانسێن نەتەوی و نێڤنەتەوەی ژبو ساز دکەن کو دەستپێکا ڕاگەیاندنا وێ ل هۆڵەکە پەڕڵەمانێ بریتانیا بڕێڤەچوو.

2003 دەبیتە ئەنداما یەکیتی نڤیسەرێن سوید.

2004 ل باڵەخانەیا پەڕڵەمانی کوردستانێ کۆنفرانسا ‘داخوازینامەیا ژنا کورد’ ساز کر و داخوازینامەکە پێشکەشی پەڕڵەمان و حکومەتا هەرێما کوردستانێ کر.

2004 کۆلێژا پەروەردەیا زانینگەها ستۆکهۆڵم تمام کر.

2005 لسەر داخوازیا سەروک وەزیران نیچیرڤان بارزانی دڤەگەڕتە کوردستان و دبیتە ڕاوێژکارا سەروک وەزیران بو کاروبارێن ئافرەتان و یەکسانی. ب پڕۆژەیا سیاسەتا یەکسانی و دامەزراندنا دەزگەهێ یەکسانی ل ئەنجوومەنا وەزیران دەست بکار دبیت.

2008 دبیتە ئەنداما لیژنەیا باڵایا هەموارکرنا یاسایا بارێ کەسێتی ب بڕیارا سەروکێ ئەنجوومەنا وەزیران.

2010 دبیتە ئەندامێ دەستەیا باڵایا یەکێتیا نڤیسەرێن کورد.

2012 دبیتە ڕێڤەبەرا پەیمانگەها یەکێتی یا ئافرەتێن کوردستانێ بو پرسێن کۆمەڵایەتی.

2013 دەست ب پڕۆژەیا گۆڤارا هزری وەرزیا شیکار دکەت و د هەمان پەیمانگەهێ ژمارە سفر ل 25 ێ نۆڤەمبەرێدە چاپ و بەلاڤ دەبیت.

2013 پشکا ئینگلیزی ل کۆلیژا پەروەردەیا زانینگەها سابیس تەمام دکەت.

2018 دبیتە ئەنداما دەستەیا ڕێکخراوێن جەماوەری و پیشەیی یێن پارتی دیموکراتی کوردستان.

مهاباد قەرەداغی ژبلی زمانێ دایک ، زمانێن عەرەبی، سویدی، ئینگلیزی و تورکی و هەیا ڕادەیەکێش فارسی دزانیت.

بەرهەمێن چاپکری یێن مەهاباد قەرەداغی:

هەلبەست

-نەخشەی دواڕۆژ- 1991 کوردستان

– پانۆراما- 1993 سوید

– شاخ کێڵگەی گەنمەشامییە/ 1994 سوید

– میدالیا/ 1995 سوید

-هاژەی ڕۆح- 1997 کوردستان

– باڵندە بەفرەکان/ بە زمانی سویدی/ 1998 سوید

-دیوانی مەهاباد قەرەداغی/ 2013 کوردستان.

ژانری چیرۆک، ڕۆمان و بیرەوەری:

– کۆچ/ ڕۆمان/ 1993 سوید

-ئەڤین ئاوی ژیانە/ ڕۆمانە شیعر/ 1996 سوید و کوردستان

-مەرگی مرۆڤ و نیوێک/ کوورتە چیرۆک/ 2004 کوردستان.

-ساڵێک لە دۆزەخ/ بیرەوەری زیندان/ 2005 کوردستان.

-چلچرا/ بیرەوەری/ 2006 / کوردستان.

-زەنگدانەوە/ ڕۆمان/ 2007/ کوردستان.

-لەتێ پیاو/ کوورتەچیرۆک/ 2012/ کوردستان.

-فاتیلا/ ڕۆمان/ 2017/ کوردستان.

لێکۆلین:

-لەپێناوی ژیانەوەی ئافرەتدا/ 1994 سوید.

-ئازادکردنی مێژوو/ 2002/ سوید و کوردستان.

-شەرەفنامە، شەرف کۆدێکە بۆ کۆیلەکردنی ژن/ 2003 سوید و کوردستان.

-زمان، ڕامان و ناسنامە/ 2005 کوردستان

-کارەساتی ئەنفال، کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی/ 2003 سوید.

-ژن و کۆمەڵگە لە قۆناغی باڵندەیی شێرکۆ بێکەسدا / 2004 کوردستان.

-وشەباران/ دیداری ڕۆژنامەوانی/ 2011/ کوردستان

-لە فێمینیزمەوە تا هیومانیزم/ 2013 کوردستان

-ئافرەتیزم، مێژووی سەدساڵ تێکۆشان بۆ مافی یەکسان لە باشووری کوردستان/ 2018 کوردستان.

وەرگێڕان:

-شیعر هەناسەی گەردوونە/ هەڵبژاردەیەک لە شیعری هاوچەرخی جیهان/ 1995 سوید.

-دانپێدانانێکی پیاوانە/ هەڵبژاردەیەک لە چیرۆکەکانی د. نەوال سەعداوی/ 1996 سوید.

-نانی ژەهراوی/ شانۆنامە لە نووسینی ڤیسیلین هانچێڤ/ 1996 سوید.

-جینۆساید/ هۆلۆکۆست، کۆکوژی جوولەکەکان لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە. نووسینی: ئارێل هوروتز. 2017 کوردستان.

-جینۆساید/ کۆمەڵکوژی لە خاکی هەزار گرددا، ڕواندا 1994. نووسینی بنیامین نیوبێرگەر. 2018 کوردستان.

-جینۆساید/ کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان، لە یادکراو و نکۆڵیلێکراو. نووسینی پڕۆفیسۆر یایر ئاورۆن. 2018 کوردستان.

-جینۆساید/ ڕامان لە وێنانەکراو، ڕووە تیۆرییەکانی لێکۆڵینەوە لە جینۆساید. نووسینی: یایر ئاورۆن. 2019 کوردستان.

پەڕتووکێن پەروەردەیی:

-گەرمیان

-باوەگوڕگوڕ

-دیلان

پەڕتووکا خوێندنەوە بۆ فێربوونی قوتابییانی کورد لە سوید.

مەهاباد قەرەداغی ل ڕوژا ئینێ ڕێکەفتا 09-10-2020 ب نەخوەشی وەغەرا داویێ کر.

[1] – لە ژمارەی سێیەمدا کە هاوکاتە لەگەڵ سێهەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی نووسەر “مەهاباد قەرەداغی”، گۆڤارەکەمان ئەو شەرەفەی پێ بەخشراوە،کە لێکۆلێنەوەکی نووسەری کۆچکردوو بڵاوبکاتەوە. بابەتەکە بە زمانی کوردی نووسراوە، و بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک لەو فۆرمەی کە شاعیری گەورە حەمەسەعید حەسەن بۆمانی ناردووە، بڵاودەکرێتەوە. تەنها پوختەی بابەتەکە بۆی زیاد کراوە، ئەویش وەرگێڕدراوە بۆ زمانی عەرەبی و فەرەنسی، هەروەها لە کۆتاییدا پوختەیەک لە ژیانی نووسەری کۆچکردووە ئاماژەی پێکراوە، وەک پێداویستیەکی زانستی گۆڤارەکەمان.

[2] – في العدد الثالث الذي يصادف الذكرى الثالثة لوفاة الكاتبة “مهاباد قەرەداغی”، تشرفت مجلتنا بنشر بحث للكاتبة الراحلة. المقال مكتوب باللغة الكردية، وسينشر دون أي تغيير بالشكل الذي أرسله إلينا الشاعر الكبير حمەسعيد حسن. تمت إضافة ملخص المقال فقط، وترجمته إلى اللغتين العربية والفرنسية، وإدراج ملخص عن حياة المؤلفة الراحلة في النهاية، كمتطلب علمي لمجلتنا.

5/5 - (1 صوت واحد)

المركز الديمقراطى العربى

المركز الديمقراطي العربي مؤسسة مستقلة تعمل فى اطار البحث العلمى والتحليلى فى القضايا الاستراتيجية والسياسية والاقتصادية، ويهدف بشكل اساسى الى دراسة القضايا العربية وانماط التفاعل بين الدول العربية حكومات وشعوبا ومنظمات غير حكومية.

مقالات ذات صلة

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *

زر الذهاب إلى الأعلى